شاعیر: سەید محەممەد تاهیر هاشمی
کتێب: ھەوارگەی دڵان
سەرناو: لەگەڵ یەک دەس لە مل ماوین من و دەردی فیراق ئیمشەو
لەبارەی شیعر: ئەم غەزەڵەم بۆ سەید حەسەن سەیدزادەی هاشمی کوڕی خۆم - سلمە اللە تعالی وتووە

لەگەڵ یەک دەس لە مل ماوین من و دەردی فیراق ئیمشەو
بە با چوو کۆمەڵی شادیم بە سروەی ئیشتیاق ئیمشەو

بە تینی تاسەکەم برژا هەناوی سەبر و ئارامم
لەبەر چاوەنواڕیم چاوی تاقەت ماوە زاق ئیمشەو

حەسەن وەک گەنجی گەوهەر کەوتە پێچی حەڵقەیی ماران
ئەمن لێرە خەریک و پڕ پەژارە و بێ تفاق ئیمشەو

بچێتە چاوم ئەر تاوێ خەوی پڕ مەینەتی هیجران
خەفەت هەروەک شەوەچی هات و دەستی نامە ناق ئیمشەو

لە ناڵەم ئاه و ناڵە سا چلۆن زاڵەترەک نابێ
کە بۆ زۆری خەمم کردی لە داخا خەم مەراق ئیمشەو

کە ئەو مانگە جوانەم لێ کلایە هاودەمان یاران
دڵم گڕگڕ دەسووتێت و دەمم وا بووەتە تاق ئیمشەو

پیاڵەی پڕ شەرابی مەینەتە واقی ئەمن ماوە
وە یا گیان بۆ پیاڵەی وەسڵی باڵات ماوە واق ئیمشەو

حەسەن گیان بۆ ڕەهائیت لەم هەموو دەردیسەر و ڕەنجە
شەفیعم لای خوا کێیە؟ جگە سواری بوراق ئیمشەو

سپاسالاری هۆزی ئەنبیا سەرئێلی دڵپاکان
لە تاڵیت خات و شیرین کا بە ئەلتافی مەزاق ئیمشەو

بە ئوممێدی خودا و لوتفی شفیع المذنبین تاهیر
حەسەن ڕزگار ئەبێ و نامێنێ ئاساری فیراق ئیمشەو